سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی بڕیارەکەی سەبارەت بە رێگریرکردن لە چوونی خەڵکی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمریکا رایگەیاند، بەشێوەیەکی سیستەماتیکی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکەن و ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری دادگان.
بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع.ابنا:دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 7-2-2017، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی چۆنیەتی بەرگریکردن لە هێشتنەوەی بڕیارەکەی لەبارەی پێدانی ڤیزا و وەرگرتنی پەنابەران رایگەیاند "ئێمە بەپێی سیستەم مامەڵە دەکەین، ئەمەش زۆر گرنگە، چونکە چ من بم یان کەسێکی دیکە، دەبێت ئاسایشمان لەنێو وڵاتی خۆمان پارێزراو بێت".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، هەموو بەڵگەکانی خۆیان پێشکەشی دادگا کردوون و ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری دادگان.
رۆژی 27-1-2017، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا گەشتی هاووڵاتییانی عێراق، سووریا، ئێران، یەمەن، لیبیا، سوودان و سۆماڵی بۆ وڵاتەكەی بۆ ماوەی 90 رۆژ قەدەخەكرد، پاشان روونكردنەوەی داو رایگەیاند دوای ئەو 90 رۆژە بڕیاری نوێ دەردەكرێت.
پاشان رۆژی شەممە 4-2-2017، دادگای فیدراڵی ویلایەتی واشنتن بڕیاری دەرکرد و تێیدا بۆ ماوەیەکی کاتی کارکردنی بە بڕیارەکەی ترەمپ هەڵپەسارد. بەگوێرەی بڕیارەکەی داداگا، هەڵگرانی ڤیزای بەسەرنەچوو لە هەر 7 وڵاتی قەدەخەکراو دەتوانن گەشتەکانیان بەرەو ئەمریکا ئەنجام بدەن، هەروەها داواکاریش بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش بکەن.
دواتر لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیارەكەی دادگای راگەیاند و روونیکردەوە، بەمەبەستی گونجاندن لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی ویلایەتی واشنتن، وەزارەتی دەرەوە بڕیاری دا کارکردن بە بڕیاری جێبەجێکاری ترەمپ تایبەت بە قەدەخەکردنی چوونەناوەوەی هەڵگرانی ڤیزای ئەمریکا لە 7 وڵاتی زۆرینە موسڵمانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەمریکا بووەستێنێت.
دەقی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ
"ئێمە بەپێی سیستەم مامەڵە دەکەین، ئەمەش زۆر گرینگە، زۆر گرینگە بۆ وڵاتەکەمان، گرینگ نییە ئەو کەسە منم یانیش کەسێکی دیکەیە، بەڵکو ئەوەی گرینگە دەبێت ئێمە ئاسایشمان لە نێو وڵاتی خۆمان پارێزراوبێت. دەبێت لە تواناتدابێت خەڵێک لە سووریا، یانیش لە هەر وڵاتێکی دیکە وەربگریت، نابێت ئەوەمان بیربچێت داعش گوتوویەتی ئەوان لەڕێگەی کۆچبەرانەوە دزە دەکەنە نێو ئەمریکا یانیش هەر وڵاتێکی دیکە، ئێمە رێگەمان پێنەدراوە مامەڵەمان تووندبێت لەگەڵ هاتنی ئەو خەڵکە، دەبێت ئەوەش روونبکەمەوە، بۆیە ئێستا چاوەڕێ دەکەین چی روودەدات و، هەروەها کەیسێکی گەورەمان لە دادگایە، هەموو شتێکمان بەباشی خستووەتەڕوو و چاوەڕێی بڕیاری دادگاین.